کەرکوک نیوز
بەپێی نووسراوێک، دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە عێراق، ناوی 6 بەربژێری هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووکی خستووەتە لیستی ئەو کەسانەی، کە دەکەونە ژێر رێکارەکانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری. لەنێو بەربژێرەکاندا، بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو بەربژێری هاوپەیمانیی تورکمانی و سێ بەربژێری لایەنە عەرەبییەکان هەن.
نووسراوەکە لەلایەن "نووسینگەی نیشتمانی"یەوە لە 13ـی ئابی 2025 ئاراستەی "لقی کاروباری پارت و بەربژێرەکان/ نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووک" کراوە. تێیدا ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (م.خ/2085)ـی نووسینگەی سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کراوە و داوا دەکات ئەو 6 بەربژێرە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی ژمارە 10ـی ساڵی 2008 دەیانگرێتەوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک، بە (رووداو)ی گوت: "چاوەڕێی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانین رۆژی یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، بڕیار لەبارەی دوورخستنەوەی ئەو 6 بەربژێرە بدات".
15 بینین