کەمخەوی مەترسییەکی شاراوەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - کەرکوک نیوز کەرکوک نیوز - به‌روار: 2026-01-11
کەمخەوی مەترسییەکی شاراوەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ
تەندروستی کەرکوک

کەمخەوی مەترسییەکی شاراوەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ

بەهۆی جەنجاڵی ژیان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زۆربوونی شاشە زیرەکەکان، بەشێک لە هاوڵاتیان کەمدەخەون. هەندێکجار بەهۆی خەوزڕاندنەوە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی دەرمان، پسپۆڕان و پزیشکانی دەروونی ئەمە بە مەترسی دەزانن لەسەر تەندروستی.

خەو وەک خۆراک و ڤیتامین بۆ مرۆڤ

د. نەسرەو موستەفا، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی وتی کە کەمخەوی دەبێتە هۆی نەخۆشی دەروونی، خەو وەک خۆراک و ڤیتامین وایە بۆ مرۆڤ، کاریگەری هەیە لەسەر بیرکردنەوە و جووڵە. بەهۆی کەمخەوییەوە لە ڕۆژدا ناچالاک دەبن و کاریگەری دەبێت لەسەر پیشەکەیان.

ئەو کەسانەشی بەهۆی پیشەکانیانەوە شەو کاردەکەن دەبێت پابەندبن بەوەی حەوت کاتژمێر لە کاتەکانی دیکەدا بخەون.

مەترسیی شاشە زیرەکەکان لەسەر خەو

د. نەسرەو موستەفا هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی شاشە زیرەکەکان زۆر بەکاردەهێنن پێش کاتی خەوتن و دەڵێت شاشەکان لە ڕێگەی تیشکە شینەکان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن و دەبێتە هۆی زڕاندنی خەو. پێویستە یەک کاتژمێر پێش خەو شاشە زیرەکەکان بەکار نەهێنرێت و دووربن لە شوێنی خەو.

گرنگە خشتەی کاتەکانی خەو هەبێت بەتایبەت بۆ منداڵان، پێویستە لەسەر کاتەکانی خەوتن ڕابهێنرێن بۆ ئەوەی گەشە بکەن و تەندروست بژین.

کاتژمێرەکانی پێویست بۆ خەو

لەبارەی ئەوەی لە ماوەی 24 کاتژمێردا پێویستە مرۆڤ چەند کاتژمێر بخەوێت، د. نەسرەو وتی کە کاتژمێرەکانی خەو بەپێی تەمەنی کەسەکان دەگۆڕێت، بەڵام واباشترە حەوت بۆ هەشت کاتژمێر بخەون و شەوانە کاتژمێر 10 بۆ 11 بخەوین و بەیانیانیش کاتژمێر 6 بۆ 7 هەڵبستین.

هۆشداری لە بەکارهێنانی حەبی خەوتن

ئەو پزیشکە بەکارهێنانی دەرمانی خەوتن بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت نابێت بۆ خەو حەبی مێلاتۆنین بەکاربهێنرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئالوودەبوون. بەپێی توێژینەوەکانیش بەکارهێنانی حەبی مێلاتۆنین دڵ لاواز دەکات. ئەم هۆشدارییە زۆر گرنگە بۆ ئەو کەسانەی پەنایان بۆ دەرمانی خەوتن دەبەن بەبێ ڕاوێژی پزیشکی.