بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک - بانیاس وەزیری وزەی سووریا سەردانی عێراق دەکات

له‌لایه‌ن: - کەرکوک نیوز کەرکوک نیوز - به‌روار: 2026-01-11
بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک - بانیاس وەزیری وزەی سووریا سەردانی عێراق دەکات
هەواڵەکانی کەرکوک

بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک - بانیاس وەزیری وزەی سووریا سەردانی عێراق دەکات

وەزیری وزەی سووریا ئاشکرایکرد کە بۆ پرسی نۆژەنکردنەوەی ئەو هێڵە نەوتییەی کە کەرکوک بە بەندەری بانیاسی سووریا دەبەستێتەوە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی عێراق بکات.

شاندی فەرمیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە نۆژەنکردنەوەکە

مانگی نیسانی ڕابردوو، عێراق شاندێکی فەرمیی باڵای ڕەوانەی سووریا کرد بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە لایەنی تەکنیکی و ئابووریی نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنەوەی هێڵی بۆرییی کەرکوک - بانیاس کە بە یەکێک لە کۆنترین ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

ڕێککەوتنی عێراق و سووریا بۆ نۆژەنکردنەوە

محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا ڕایگەیاند: عێراق و سووریا ڕێککەوتوون لەسەر نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک – بانیاس و خستنەوە کاری بۆ هەردوو وڵات زۆر گرنگە. بۆ ئەو مەبەستەش بەم زووانە سەردانی عێراق دەکەم.

تێچووی نۆژەنکردنەوەکە 300 بۆ 600 ملیۆن دۆلار

بەپێی ڕاپۆرتە ئابووریەکان، تێچووی سەرەتایی بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە کە لە ساڵی 2003 زیانی بەرکەوتووە و بە تەواوی کاری پێنەکراوە، بە نزیکەی 300 بۆ 600 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

مێژوو و توانای هێڵی نەوتی کەرکوک - بانیاس

ئەم هێڵە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە و لە ساڵی 1952 بە فەرمی خراوەتە کار. درێژییەکەی نزیکەی 800 کیلۆمەترە و توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە. نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هەردوو وڵات بۆ باشترکردنی هەناردەکردنی نەوت و پەیوەندییە ئابووریەکان.