تورکیا: دەبێت بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان بەتەواوەتی کاری پێبکرێت

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-08-30-09:25:00 - کۆدی بابەت: 2
تورکیا: دەبێت بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان بەتەواوەتی کاری پێبکرێت
ئابووری کەرکوک

ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا

کەرکوک نیوز

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، ئێستا بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان هیچ نەوتی پێدا ناڕوات و گوتیشی، "پێشنیازی فراوانکردنی رێککەوتنی نوێی بۆرییەکانی نەوتم بۆ عێراق کردووە."
 
رۆژی سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025،  ئاڵپئارسڵان بایراکتار، سەبارەت بە رێککەوتنی نوێی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لەسەر بۆرییە نەوتییەکانی نێوان هەردوو وڵات رایگەیاند، "ئەم بۆرییە توانای گواستنەوەی نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە، بەڵام ئێستا هیچ نەوتێکی پێدا هەناردە ناکرێت، تەنانەت ئەوکاتەشی کاری دەکرد، هەرگیز بە تەواوی توانای تەواوی خۆی کاری پێنەدەکرا."
 
بە گوتەی وەزیری وزەی تورکیا، پێشنیازی فراوانکردنی رێککەوتنی نوێی بۆرییەکانی نەوتی بۆ عێراق کردووە کە بۆریی کێڵگەکانی باشووری عێراقیش بگرێتەوە.
 
بایراکتار رایگەیاندووە، هەر رێککەوتنێکی نوێی وزەی پێشنیازکراو لەنێوان تورکیا و عێراقدا، دەبێت میکانیزمێک لەخۆبگرێت بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانی تەواوەتیی بۆریی نەوت لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
 
هەفتەی رابردوو ئەنقەرە رایگەیاند، رێککەوتنی لەمێژینەی تایبەت بە بۆریی نەوتی کەرکوک - جەیهان لە تەممووزی 2026 کۆتایی دێت. بەرپرسێکی عێراقیش رایگەیاندووە، تورکیا پێشنیازی فراوانکردنی رێککەوتنەکەی کردووە بۆ ئەوەی هاریکاری لە بواری نەوت، گاز، پترۆکیمیاییەکان و کارەبادا لەخۆبگرێت.
 
تاوەکو ساڵی 2023، رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانەوە دەگوێزرایەوە، بەڵام لە ئاداری ئەو ساڵە، دادگەی نێوبژیوانیی پاریس بڕیاری دا کە دەبێت تورکیا 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بداتەوە، لە بەرامبەر ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان کە لە نێوان 2014 و 2018 بێ رەزامەندیی بەغدا فرۆشتوویەتی. لەو کاتەوە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە راگیراوە.



11 بینین