چارەسەرکارێکی دەروونی: چارەسەری دەروونی بازرگانی نییە و هەموو کەسێک ناتوانێت رێنوێنیی دەروونی بدات!
چارەسەرکارێکی دەروونی ڕایدەگەیێنێت کە بەگوێرەی نوێترین راپۆرتە ئەڵمانییەکان، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ بابەت و پرسە دەروونییەکان 85% زیادیکردووە. زۆرینەی بەکارهێنەرانیش گەنجانن.
سنووردارەتیی ژیریی دەستکرد لە کێشە دەروونییەکان
هەتاو ئەحمەد، چارەسەرکاری دەروونی ڕاگەیاند کە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و گوشاری دەروونی زۆرترین ئەو کێشانەن کە لەگەڵ ژیریی دەستکرد باس دەکرێن، بەڵام ژیریی دەستکرد تەکنەلۆژیایەکی سنووردارە و توانای باشی نییە بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە دەروونییەکان.
مەترسیی دەستنیشانکردنی هەڵە
بەگوتەی هەتاو ئەحمەد، ناتوانین ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی گشتی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان دەستنیشان بکرێت، چونکە بەپێی نوێترین توێژینەوەکان، AI دەشێت مەترسیی خۆکوشتن و ترس زیاد بکات و بە هەڵە دۆخەکە دەستنیشان بکات، بۆیە دەبێت سەرەتا پزیشکی پسپۆڕ کێشە دەروونییەکەی دەستنیشان کردبێت.
چۆنیەتیی بەکارهێنانی دروستی ژیریی دەستکرد
لەبارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی دروست، هەتاو ئەحمەد گوتی: ئەوەی دەتواندرێت پشتیپێببەسترێت ئەوەیە کە کەسێک وردەکاریی زیاتر لەسەر کێشە دەروونییەکەی بزانێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە کێشەکەی دەستنیشان کرابێت. دەبێت سەرەتا پزیشکی پسپۆڕ کێشە دەروونییەکەی دەستنیشان کردبێت، ئینجا کەسەکە بۆ وردەکاریی زیاتر سوود لە ژیریی دەستکرد ببینێت.
هۆشداری لە بازرگانیبوونی چارەسەری دەروونی
لەبارەی رێنوێنیی کۆتایی بۆ بەکارهێنانی دروستی ژیریی دەستکرد، هەتاو ئەحمەد گوتی: بەکارهێنەران دڵنیابن لەو سەرچاوەیەی کە بەکاریدەهێنن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پێویستە کەسانی پرۆفێشناڵ هەڵبژێردرێن، چونکە لە هەرێمی کوردستان بابەتە دەروونییەکان وەکو بازرگانی لێهاتووە و هەر کەسێک دەتوانێت لەڕێگەی پلاتفۆڕمێکەوە چارەسەری دەروونی بە خەڵک بدات.
ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمە مەترسی لەسەر تاک زیاد دەکات و کێشە دەروونییەکانیش لەبری ئەوەی کەمتر ببنەوە، زیاتر دەبن. بۆیە گرنگە کەسانی پسپۆڕ و پرۆفێشناڵ هەڵبژێردرێن بۆ چارەسەری کێشە دەروونییەکان، نەک هەر کەسێک کە خۆی بە چارەسەرکار ناودەبات.